May 2 2025 ههواڵ 2025
گروپی کۆمپانیاکانی سەردار پەیامێکی ڕوونی بەرجەستە کرد لە بواری بەرزکردنەوەی هۆشیاری ژینگەیی و پتەوکردنی ئاڵوگۆڕی کلتووری نێوان عێراق و ژاپۆن. هەرێمی کوردستان شایەتحاڵی چالاکییەکی تایبەت بوو لە ڕێکەوتی 7ی شوباتی 2025 کە تێیدا نەمامی ساکورای ژاپۆنی لە ناوچەی ساکورا هیڵز لە هەولێر چێنران، هەروەها چەندین چالاکی تری چاندنیش لە 2ی ئایاری 2025 لە بارەگای سەرەکی پارێزگاری سلێمانی، باخچەی ئازادی، و شاری هەڵەبجە ئەنجام درا. ئەم هەنگاوەش بەشێکە لە زنجیرەیەک دەستپێشخەریی سەوز کە گروپی کۆمپانیاکانی سەردار ڕێبەری دەکات بۆ عێراقێکی پایەدارتر و جوانتر.
دارەکانی ساکورای ژاپۆنی لە سەرانسەری جیهاندا بە نیشانەی نوێبوونەوە و هیوا ناسراون. گوڵە ئاڵە جوانەکانیان تەنها جوانی نابەخشن بەو شوێنانەی لێیان دەچێنرێن، بەڵکو گیانێکی تازە و ژیانێکی نوێ دەبەخشێتە شارەکان و کاریگەری لەسەر دانیشتووانەکانیش دەبێت. لەگەڵ دەست پێکردنی ئەم دەستپێشخەرییە لە ساڵی 2015 گروپی کۆمپانیاکانی سەردار توانیویانە زیاتر لە 2000 دارەختی ساکورا لە سەرانسەری عێراقدا بچێنن. ئەم دەستپێشخەرییە ساڵ لە دوای ساڵ بەردەوامە و بووەتە نیشانەیەک بۆ جوانی و هاوسەنگی ژینگەیی.
لەم دەستپێشخەرییەدا کۆمەڵێک لە قوتابیانی قوتابخانەی کۆڕێ شەقڵاوە بەشداریان کرد بە پشتگیری و هاوکاری کۆمپانیای تۆیۆتا عێراق. چالاکییەکە نموونەیەکی جوان بوو لە کارکردنی هاوبەش، کە تێیدا دەستی بچووک و گەورە پێکەوە بەرپرسیارێتی ژیاندنەوەی خاکیان لە ڕێگەی چاندنەوە هەڵگرت ، و باوەڕیان وابوو کە هەر گوڵێک ئەمڕۆ دەچێنرێت بەڵێنێکە بۆ داهاتوویەکی پاکتر و جوانتر. لەم چالاکییانەدا ژمارەیەک کەسایەتی فەرمی و ئەکادیمی و نوێنەرانی دامەزراوە جیاوازەکان ئامادە بوون، لەوانە بەڕێز سەلام بیلال ئەسکەندەر نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی هەڵەبجە، خاتوو لەیلا عومەر عەلی نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکانی سلێمانی، بەڕێز بەکر سەعید نوێنەری کۆمپانیای ئەزمەر بۆ فڕۆکەوانی، بەڕێز عومەر حەمە ڕەشید لە نوسینگەی بەڕێز قوباد تاڵەبانییەوە، بەڕێز بەهرۆز سالار لە بەڕێوبەرایەتی باخچەکانی سلێمانی، بەڕێز فەریدوون عەلی بەڕێوەبەری باخچەی هەواری شار، دکتۆر بلال وەهاب سەرۆکی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، هەروەها بەڕێز فازڵ ئیبراهیم نوێنەری نوسینگەی پارێزگاری سلێمانی.
ئەم دەستپێشخەرییە دەرفەتێکی نایابی دابین کرد بۆ بەهێزکردنی هۆشیاری ژینگەیی لە نێوان بەشداربووان، بە تایبەتی ئەو گەنج و قوتابیانەی کە لە چاندنەکەدا بەشداربوون. ئەمەش ڕەنگدانەوەی یەکگرتنی هەوڵەکانی کەرتی گشتی و تایبەت و کۆمەڵگەی مەدەنی بوو .هەروەها چالاکییەکان جەختیان لەسەر گرنگی هاوکاری هاوبەش لە دروستکردنی داهاتوویەکی سەوزتر کردەوە، و تیشکیان خستە سەر ڕۆڵی بنەڕەتی بە دارستانکردن بۆ باشترکردنی کوالێتی هەوا لە ناوچە شارنشینەکان. بەم ڕۆحیەتەوەش، دەستپێشخەری چاندنی ساکورا وەک بەشێک لە ڕێکارێکی پایەدار جێگیر دەبێت کە ئامانجی پەرەپێدانی ژینگەیی و کلتووری لە عێراقدا هەیە.
لە کۆتایی ئەم چالاکییەدا، بەرپرسەکانی ئەم دەستپێشخەرییە جەختیان کردەوە کە ئەم پڕۆژە ژینگەییانە بنەمایەکی سەرەکییە لە تێڕوانینی گروپی کۆمپانیاکانی سەردار. ئەمەش ڕەنگدانەوەی پابەندبوونیەتی بۆ فراوانکردنی سەوزایی لە عێراقدا و ئیلهامبەخشە بۆ بەشداریکردنی چالاکانەی کۆمەڵگا لە پاراستنی ژینگەدا بێگومان ئەم درەختانەش دەبنە چرای جوانی و نوێبوونەوە بۆ نەوەکانی داهاتوو.